ـ نازانم باوکە. تۆ بەدوامدا هاتوویت و رەنگە
باشتر بزانی دەبێ چ بکەین.
ـ عەجەب. کەوابوو من چاکتر دەزانم، ها!
ـ بەڵێ.
پیرە پیاوەکە بە تەوەسەوە گوتی:
ـ نە تەنیا خۆتت چارەڕەش کرد، بەڵکوو ژن و
منداڵەکانیشت بەدبەخت کرد.
ـ هەمیشە لایەنێک دەیباتەوە و لایەنێکی دیکەش
دەیدۆڕێنێت.
ـ و تۆش دۆڕاندت، بەڵام چ دۆڕاندنێک.
ـ ئەمانە هەمووی ئەزموونە.
ـ ئەزموون! چارەڕەش، تۆ هێشتا شێوەی ژیان
نازانی.
سێبەرە متەکانی دوو پیاو لە سەر
خڕەبەردەکانەوە دەخزا و هەندێکجار تێکەڵ بەیەکدی دەبوو. رواڵەتی مانگەشەوەکە بەکزی لەو دیوی لک و پۆپی دارتووەکانەوە درزی
تێدەکەوت. گەنجەکە سەری منداڵەکەی خستە سەر باسکی.
ـ ئەو رۆژانەت لەبیرە باوکە؟
ـ کە چی؟
ـ کە لە ماڵەوە بەرز قسەت نەدەکرد و وشەی
سەرزارت دورەپەرێزی بوو.
ـ و تۆ گوێت نەدامێ و حەوت ساڵ رۆشتی.
ـ چاوەڕوان بووی بێمەوە؟
گەنجەکە منداڵەکەی لە باوەشدا تاووتۆ پێکرد:
ـ ئەم شەو بۆ بەدوامدا هاتی؟
ـ ئاگاداریان کردم کە حاڵی منداڵەکەت باش نییە.
ماشینەکەم لەسەر جادە داناوەو هەموو ئەم رێگا دوورودرێژەم بە پێ بریوە.
ـ چلۆنت دیمەوە.
ـ ئاگام لێتبوو.
ـ ئەی بۆ ..
ـ دەمت داخە خوێڕی. من تەنیا لەبەر خاتری ئەو
منداڵە بەستەزمانە هاتووم.
پیرەپیاوەکە لە ژێرتریفەی مانگەشەوەکەدا،
سەیری رواڵەتە گووشراو و شین بووەکەی منداڵەکەی کرد؛ کە بەهەزارحاڵ هەناسەی
دەکێشا. بەڵام خێرا رووی هەڵگێرایەوە و بەرەو ئەو بزنە رێ پڕلە پێچ و پەنا کە لە
دوورە دەستەکاندا وون دەبوو؛ مات بردیوە.
ـ دوو منداڵ و ژنە هەژارەکەت هێناوەتە ئەم
گوندە کە چ بکەی؟
ـ هەتا زگیان تێر بکەم.
ـ لەم گوندە چۆڵ و هۆڵە خۆ ئیش پەیدا نابێ؟
ـ سەبەت و زەنبیل دەچنم.
ـ ئەی بووکەکەم؟
ـ دەچێتە کارگەی قاڵی چنیین.
ـ بەدەست خۆتان قۆڕتان بەسەر خۆتاندا کرد.
ـ بەدەست خۆمان نەبوو.
ـ ئەی بەدەست کێ بوو؟
ـ باشترە باسی لێوە نەکەین.
ـ ئینکار!
ـ مرۆڤ بۆ ئەژی، باوکە؟
ـ بۆ قسەی پڕوپووچ کردن.
ـ چاکە، تۆ بەمانە بڵێ قسەی پڕوپووچ. بەڵام
ئەم قسانە بۆ من و بووکەکەت، هێشتا بایەخی خۆی هەیە.
ـ هێشتا درەنگ نەبووە، وەرە با پێکەوە
چاوەدێریی لە دووکانەکانمان بکەین.
ـ نە، هەزارجار نە..
پیرە پیاوەکە تفی کردە سەر ئەو خڕەبەردەی کەتریفەی
مانگ رژابووە سەریی و لەناوەوە پەنگی خوارەدەوە.
ـ چارەڕەش منداڵەکانت.
ـ بۆ ئەوەندە دڵگرانی باوکە؟
پیرە پیاوەکە گوێی نەدایە قسەی گەنجەکە و
درێژەی داێی:
دنیا لای تۆ وەکوو کونای دەرزی، تەنگ و تەسکە.
ـ و بۆ ئێوەش هەراو و کراوەیە. وەک هەراویی
هەموو دەروازەکانی جیهان.
ـ ئەی بۆ نەبێ؟
ـ بەڵێ بۆ نەبێ. ئێوە لەلووتکەی سەرکەوتن دان
و منیش لە قوڵایی شکست
بە تەپۆڵکەکەدا بەربوونەوە. مانگەشەو وەکوو
هەڵم لەسەر و روویان نیشتبوو. خێراخێرا هەنگاویان هەڵدەهێنایەوە و دەنگدانەوەی دەنگەکانیان،
هەتا دوورەدەستەکان دەڕۆشت. لە ناکاو بێدەنگ بوون. سەرلەنوێ دەستیان پێکردەوە.
منداڵەکە کزولاواز و بەئازارەوە سەری نابوو سەر شانی باوکی و چی دیکە نەیدەناڵاند.
لە قوڕگیەوە لرخە لرخێکی خراپ دەهاتە بەرگوێ. گەنجەکە سەری کوڕێژگەکەی نایە سەر
شانی و هەستی بە ترپەکانی نەبزی سەرتەوێڵی کرد کە بەهەزار حاڵ لێیدەدا. سەیرێکی
رواڵەتی کرد. منداڵەکە بە ئاستەم لرخەلرخی دەکرد. لەم کاتەدا مانگ بەتەوای خڕ و
نارنجی دەسووتا. پیرە پیاوەکە سەیری مانگەکەی کرد:
ـ مانگ سوورە، خوێنڕێژی بەدواوەیە
ـ وایە، وادەبێ.
ـ تۆ جگە لە چارەڕەشی و سەرشۆڕی هیچی دیکەت
بۆ ئێمە نەهێناوە.
ـ دەتانویست چتان بۆ بەدیاری بێنم.
ـ بەڕێز، ژیانێکی ئاسوودە بۆ خۆت و ژن و
منداڵەکەت. هەر تەنیا ئەوە و هیچی دیکە.
پیرە پیاوەکە قاچی لە بەردێک گیریی کرد و سەرنووچکی
دا و خەریک بوو بکەوێت، کە گەنجەکە خێرا قۆڵی گرت و پێشی بەکەوتنی گرت. بەڵام
پیرەپیاوەکە بە مستەکۆڵ کوتایە سەر سنگی گەنجەکە و لەگەل منداڵەکەی سەرباەشی،
تەختی زەویەکەی کردن. منداڵەکە ناڵاندی و گریا. گەنجەگە تووڕەییەکەی بەرەو ناخیی
هەڵکێشا و بەدەست، سەرورووی منداڵکەی نەوازش کرد. پیرە پیاوەکە دووسێ هەنگاو لەنگی
و درێژەی داێی:
ـ هەژار و چارەرەش دایکت، ئەوەندە گریاوە
خەریکە چاوەکانی کوێر دەبێ.
ـ دایکانێکی زۆر بەهۆی گریانەوە سۆمای
چاوەکانیان لەدەست داوە.
ـ هەی بێ رەحم، بێ بەزەیی.
ـ لە ئێوەوە فێر بووم.
ـ من قەت بێ بەزەیی نەبووم.
ـ وانییە بوویت و هەیت.
ـ ئەگەر بێبەزەیی بووماێی بەم نیوە شەوە
نەدەهاتم بەدواتدا.
ـ دڵنیام گریان و پاڕانەوەکانی دایکم ناچاری
کردووی.
ـ پیرە پیاوەکە لە ناکاو دەستی نایە بیناقاقای
گەنجەکە و توندی دارگوێزەکەی قەراخ جادەکەی کرد. منداڵەکە قیژانی و بە ئاستەم
لرخەلرخی دەکرد. گەنجەکە بە توندی منداڵەکەی لە باوەشدا گووشی و گوتی:
ـ ئەوەیە بێرەحمی.
پیرەپیاوەکە لە تاو قیڕە و گریانی منداڵەکە
بە خۆیدا هاتەوە ونەختێک هێورتر بووە و بەلغەمەکەی سەرسنگی بەرەو مانگەشەوەکە
فڕێدا:
ـ تۆ هەر لەمنداڵیەوە، لەو کاتەیەوە چاوت بە
دونیا هەڵهێناوە؛ هاروهاج و قەرەباڵغی.
سێبەری گەنجەکە لە سەر هەریری مانگەشەوەکە
خزا:
ـ و
ئێوە لە کاتی منداڵیتاندا گازتان لە مەمکی دایکتان دەگرت!
ـ درۆیە. لە کێت بیستووە؟
ـ لە نەنکم.
ـ ئەو رەحمەتییە درۆی زۆری دەکرد. بەڵام
بەراستی تۆی خۆش دەویست. کاتێ لە بەندیخانەدا بووی، خەو و خۆراکی گریان بوو. ئەو
کاتەی کە خەرێک بوو دەمرد، چاوی لە دەرکەکە بوو کە بێتەوە و بتبینێ. ئاخرەکەشی هەرچەندمان
کرد؛ نەمانتوانی چاوەکانی بنووقێنین و ...
ـ ئەی ...
ـ ئاخرەکەی ناچار بووین، هەربەوشێوەیە بەخاکی
بسپێرین.
دەستی
کوڕێژگەکە، کە لە دەور گەردەنی باوکی حەڵقە بووبوو شٶڕبووەوە و کەوتە سەرسنگی گەنجەکە.
منداڵەکەیان لە سەر بزنەڕێکە دانا. گەنجەکە پیشی خواردەوە و سەیری رواڵەتی منداڵەکە
کرد و لە ناکاو هاواری کرد:
ـ باوکە، کەیوان خەریکە دەتاسێ.
پیرە پیاوەکە بە ترسەوە سەیری رواڵەتی منداڵەکە
کرد و بەدەنگێ کە گڕ بووبوو گوتی:
ـ هەی هاوار ... ئەمە ...
ـ ئەمە چی باوکەـ
ـ ئۆقنەیە . چارەڕەش، بەدەستی خۆت منداڵکەت
لەناوبرد.
گەنجەکە سەری بردە ناو سینگە سارد و سڕەکەی
منداڵەکە:
ـ من کوشتم یان تۆ؟
مانگ ودەشت و دارتووەکان لێوانڕێژ بووبوون لە خوێن.
زستانی ١٣٥٧
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر