دوشنبه، شهریور ۲۷، ۱۳۹۱

حەوتوویەک لە شەڕی نێوخۆیی سوورییە



درێژەی بابەت ...

ئێوارەهاوینێکی گەرم لە چێشتخانەیەک لە ناوەندی شاری شامدا دانیشتبووین و چاومان بریبووە ناوشار. شاخی قاسیون/مان بینی کە وەک درەختی کریسمەس وریشەی دەهات. ئێمە لەوەدا دوودڵ نەبووین؛ کە پێمان وابوو لە سووریەدا هەموو شتێک بە رێکووپێکی، وەک رابردوو لە شوێنی خۆیدایە. ژیان لە پاییتەختدا رەوتی هەمیشەیی خۆی دەپێوێ.  ئێمە موناقشەمان لە سەر ئەوە دەکرد؛ کە چلۆن حەوتووی رابردوو هەموو شتێک بە ئارامی تێپەڕ بوو. بۆ چرکەیەک لە ناخی خۆماندا بیرمان لەوەدەکردەوە کە ئەمە رەنگە هێوریی بەر لە هەڵکردنی گەردەلوول بێت. تەنیا چەند رۆژ دواتر هەر بەراستی گەردەلوول رووی لە شار کرد. چەندین مانگە رژیم و نەیارانی لە دەورووبەری شاردا، دژ بەیەک شەڕیان دەکرد. دەنگی تەقینەوەی تۆپەکان سەرلەنوێ لە سەرانسەری شاردا دەبیسترا. ریپێوانی هێمنانە وەک رابردوو لە کۆمەڵی بەریندا دەڕژایە سەر شەقام و هەردەم دەتوانیی، گوێت لە پێکدادان و تێکهەڵچوونەکان بێت. هەر بەڕاستی ئەمانە لە کۆی بەرین و مەزندا دەتوانن رەوڵی بەرچاو بگێڕن. ئەوەش حاشاهەڵنەگر بوو؛ کە سوپای ئازاد گەشتبووە شاری شام و لەهەندێ لەگەڕەکەکانی وەک؛ مەیدان و کافرسۆزدا، سەقامگیر بووبوو. راستە هەندێک لە ئێمە لەتوانایدایە کە ژیانی رۆژانەی خۆی دابین بکات؛ هەرچەند دەمانزانی ئەم بارودۆخە درەنگ یان زوو دەتوانێت، ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. لە رۆژی شەممەوە هەستمان بە گۆڕانی بارودۆخەکە کرد. شەڕێک کە هاتبووە بەردەرکەی ماڵەکان؛ ئێستا ئیتر هاتووەتە ژوورێ و پێی ناوەتە ناو حەساری خانووەکان. تەقینەوەی پەیتاپەیتا و بێپسانەوە و زیاد بوونی دەنگی دەستڕێژی چەکەکان و زرمەی تۆقێنەر و ترسناک، هەردەم نزیک و نزیکتر دەبووەوە. دەنگی تۆقێنەر و لەبڕاننەهاتووی کۆپتەرەکان، حەوتووی رابردوو وەک کردەوەیەکی رۆژانەی لێهاتبوو.
ئەو شوێنەی منی لێدەژیم، هەڵکەوتوو لە بەشی کۆنی شار و لە نێوان باب تۆما و باب سەلام و لە جەرگەی خانووە کۆنەکانی ناو شەقامێکی تێکەڵپێکەل و تەنگەبەردا، ژیان ئارام بوو. منداڵان لەسەر شەقام یارییان دەکرد. خەڵکێکی زۆر خۆیان بۆ رۆژووی مانگی رەمەزان، کە بەم زووانە دەگەشتێ؛  ئامادە دەکرد. سەرلەبەیانیی، رۆشتمە سەربانی خانووەکەم. بۆ ئێوارە تێگەشەیشتم کە دەنگی تەقینەوەکان لە کوێوە دێ. رۆژی دووشەممە لەسەر سێ شەممە شەڕ قایم بوو.  کاتێک کۆپتەرەکان گەڕەکی قابونیان دەکوتا؛ خانووەکەی من دەلەرییەوە. جارێک چەند گوولـلەی وێڵ بە تەنیشت سەرمدا دەرباز بوو. دەنگی ویزەی گولـلەکان وەک دەنگی ئایفۆنەکەم کاتێک ئیمایلێکی نۆێی بەرێدەکرد؛ دەهاتە بەرگوێ. دەنگی تەقینەوە و دەستڕێژ لەسەرانسەری شاردا دەبیسرتا.  رۆژی چوارشەممە بەدڵنیاییەوە، کاتێک لەخەو هەستام؛  تێفکرام و هەستم بەوە کرد کە هەر بەراستی لە گەڕەکەکانی دیکەی شاردا چ قەوماوە؛ ئەوا نزیک بوو تێک چم. مرۆڤ لەکوێوە بزانێت کە ئەم تەقانە، بەرهەمی چ چەکێکن و دەتوانن چ حەمامی خوێنێک بەرهەم بێنن؟ پاش یەک دوو نرکەی قایم، هەڵبەت لە نزیکەوە گیانم کەوتە لەرزە. کاتێک حەوتووی رابردوو لەبەردەم بینای خانەی داد/دا، ئۆتۆمبیلێکی بۆمڕێژکراو تەقینرایەوە؛ هەر هەمان هەست دەستی پێدام. وەک ئەوەی ئێستا بمەوێت جیاوزی نێوان تەقینەوەی گولـلە تۆپێک و ئۆتومبیلێکی بۆمڕێژکراو فێر بم. ئەوەندەی نەخایاند کە میدیاکان باسیان لە تەقینەوەی ناوەندی ئەمنی و کوژرانی وەزیرەکەی کرد. لە خانووەکەم رۆشتمە  دەرێ و لە گەرەکی قەمەریا کە لە نزیک خانووەکمدایە ، دووکاندارەکانم بینی کە بە پەلە و بەپەرۆشەوە، دووکان بە دووکان بەدوای هەواڵی نوێی رووداوەکەوە بوون و هەندێکیان بە ناباوەڕییەوە چاویان بڕیبووە شووشەی تەلەویزیونەکانیان. تەقینەوەکە لە ئەمنترین شوێنی شاری شامدا رووی دابوو. وەک لە دوورەوە، بەرد گرتنە کۆشکی سەرۆک کۆمار و باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هاتوهاوارەکە کۆتایی پێهات؛ بەڵام نرکە و فرکەفرکەکە ئاکامی چ بوو، مەگەر خۆا بۆ جۆی بزانێت.
لە ناکاو کاتێک بە تەلەفوون لەگەل هاوڕیکەم باسم لەوە دەکرد؛ کە گەڕەکەکەی ئێمە لەمکاتەدا لە چ دۆخێکدایە؛ هەستم بە دوو چەکدار کرد؛ کە لە شەقامێک لەولاتر، خەریک بوون بەرەو سەربانێک هەڵدەکشان. رۆشتمە شەقامەکەو و بە منداڵکانم گووت؛ دەبێ بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە و لەوێ نەمێنن. بۆ خۆم لەناو کۆڵانێکی نزیک بە خانووەکەم پیاسەم دەکرد. جیرانەکانم، ئەوانەی کە من هەمیشە وەک جێمتمانەی حکومەت دەمناسین؛ گرفتێکیان نەبوو، کە خەڵکی چەکدار بە سەربانی خانووەکەیانەوە بن. منداڵەکان پاش نەختێک بە مەبەستی یاریکردن گەڕانەوە سەرشەقام. ئەوە تووشی دوودڵی و گومانی کردم.
دەگەڕێمەوە بۆ قەمەریا. دووکان و بازاڕ زووتر لەجاران دادەخرێن. هەندێک لە دووکاندارەکان وابەباش دەزانن کە شەو لە ناو دووکانەکانیاندا بمێنەوە. کاتێک خۆرئاوا بوو؛ سەرلەنوێ لەسەر بانەکەوە سەیرم کرد؛ کە چەکدارەکان بە بێخەمی خۆیان دەرخستووە و ئاڵایان هەڵکردبوو. بەو شێوەیە دەرکەوت کە پیاوی حکومەتن. نەختێک پاش تاریک داهاتنی هەوا، لە نزیکەوە دەنگی تەقینەوەیەکی مەزنم هاتە بەر گوێ و کارەبا بڕا. لەناکاو دەنگی دەسترێژی گولـلە لە ماڵە جیرانەکانەوە و پاشان بێدەنگی و هێور بوونەوەی دۆخەکە. کاتژمێرەکانی دواتر، دنیا ئارام بوو. جیرانەکان لەناو کۆڵانەکەدا و لە ژێر تەنیا گڵۆپێکدا کە هێشتا دەسووتا؛ کۆبووبوونەوە و وتوووێژیان دەکرد. نەختێک پێش نیوەشەو، سەرلەنوێ کارەبا گەڕایەوە و پاشان کاتژمێری دووی سەرلەبەیانی، هنەهنێک و تەقینەوەیەک لە کۆڵانێکی نزیکدا و ئینجا ئارامی و هێور بوونەوەی سەرلەنوێ.
چوارشەممە: دەتگوت بە جارێک دنیا بووەتە جەهەنەم. لەزۆر رەهەندەوە گەلێک کارەسات قەومابوو. خەڵک بەلایانەوە زۆرگران بوو؛ بەجارێک بتوانن بەر بەلافاوی ئەو هەمووە کارەساتە بگرن. ئەوان تەنیا کاتێک دەتوانن چاو لە تەلەفزیونە هەواڵنێرییەکان بکەنەوە کە خزمێک یان هاوڕێیەک تەلەفوون بکات و پاش دڵنیابوون لە ساخی و سڵامەتی هەموو لایەک، خێرا هەواڵی نوێ و دەنگۆ و تێوریی پیلانیان پێ رابگەیەنی.
سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەممە، لە گەڵ گرمە و ناڵە تۆقێنەرە ناسراوەکانیدا، شەڕ دەستی پێکرد. ناڵەیەکی لەناکاوی کپ، کە بێگومان لە دەبابەیەکەوە بەربووبووەوە و لە شوێنێک لە بەشە کۆنەکەی شاردا، رەنگە گەڕەکی قابوون، تەقایەوەو زرمەی هەستاند. کۆپتەرەکان بەسەر شاردا فڕکەیان دەهات. وردەوردە خەڵک لە گرۆپی بچووکدا هاتنە سەر شەقام، هەتا سەبارەت بە رووداوەکانی شەوی رابردوو لەگەل یەکتر بدوون.
تەنیا دووکان و بازاڕێکی کەم کرابوونەوە. هەندێ لە دووکاندارەکان وایان بە باش دەزانی لەبری مەترسی رێگای  گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، شەو لە دووکانەکانیاندا بنوون. پێنج شەممەی رابردوو، پێش دەستپێکی مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەپێی عادەت، لەمکاتانەدا شەقامەکان لەڕادەبەدەر لەخەڵک جمەی دەهات.بەڵام ئەوەی من لە گەڕەکە کۆنەکانی شاردا، قەت بە چاوی خۆم نەمدیبوو؛ هەناسەساردی و لێوبەباری و چاوبڕینە ئاسمان لە کاتی تەقینەوەیەکی نوێدا بوو. بە درێژایی رۆژ لە زەبری تێکهەڵچوونەکان کەم بووبووەوە. ئەو هەواڵانەی وا لە دەوروبەر دەگەشتن؛ دلتەزێن و لەهەمان کاتدا قیزەوەن بوون. ئەوەی لەتوانایدا بوو، لە هەوڵی ئەوەدا بوو؛ شوێنێکی پارێزراو بۆ خۆی بدۆزێتەوە. زۆربەی خەڵک بەدوای ئەوەوە بوون کە بەرەو خزم و کەس و کاری دوور هەڵبێن. جیرانەکەی من لە هاراستا/دا خزمیان هەبوو. (شوێنێک هەڵکەوتوو لە نزیک شام) و لەگەل ئەوان دەژیا. لە خانوویەکی بچووکدا دوو بنەماڵە و رەنگە زیاتر ژیانیان بەسەر دەبرد. جیرانێکی دیکە پێخەفەکەی هێنابووە خانووەکەی من و لەلای من دەنووست. ئەشغاڵ لە شەقامەکاندا لەسەر یەک کەڵەکەی کردبوو و هەواڵێک لە هاتنی سپوورەکان نەبوو. لە قرچەی گەرمای شامدا نەیاندەهێشت ئەوەندە بخاێنێ کە بۆنی کەسکونی شتە بۆگەن و گەنیوەکان بەوڕادەیە بگات؛ کە نەکرێ خۆرابگری.
ئێوارە درنگانێک سەردانی سەوزەفرۆشێکی ئەو بەشەکەی دیکەی شەقامی راستەوخۆم  کرد . *  (شەقامێک لەبەشە کۆنەکەی شاری شام)دا. دوکان و بازاری ئەو گەڕەکە کە بە پێ عادەدت قەرەباڵغ بوو، تەنیا نەختێک سەوزە و مێوەی بۆ فرۆش تێدا مابوو. پێشتر دەنگۆی گرانی و نەمانی شتومەک لەشاردا بڵاو بووبووەوە.  
رەنگە کەس نەتوانێ سەوزە و مێوە بۆ ناو شار بێنێ. و یان لەبنەڕەتدا، نەیان دەویست ئەوکارە تاقی بکەنەوە.  ئەوەش چاوەڕوان کراوبوو. مرۆڤ هەڵبەت دەزانێت لە ئاوا شوێنێکدا کە گیروگرفتی گەورەی بەسەردا زاڵە، پێشتر دەتوانێت، ئاگاداری بارودۆخەکە بێتەوە و لە وردەکارییەکانی بگات. بێگومان رۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، دەکرێت مەترسی چاوەڕواننەکراوی بەدواوە بێت؛ کە بەشێکی زۆر لە خەڵک ئامادە نیین باجی لەو چەشنە بدەن. لە کاتژمێری  شەشی ئێوارەدا ئەو نەختە دووکانەش کە بە کراوەیی مابوونەوە؛ دادەخرێن. لە یەک ساڵ و نیوی رابردووەوە، لە کاتی دەسپێکی کوتووپڕی شۆڕشەوە هەتا ئێستا، گەڕەکە کۆنەکانی ناو شار، شتی لەو چەشنەی بە خۆوە نەبینیبوو. تەنیا میوانی بەناوبانگترین چێشتخانەکەی شار، کارگێڕی هەمان چێشتخانە بوو.
شەوی پێنج شەممە تارادەیەک ئارام بوو. بۆ زۆرێک لە خەڵک رەنگە یەکەم بەخت بووبێت؛ هەتا تۆزێک زیاتر بنوون. نەختێک پێش کاتژمێری حەوت و نیوی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، دەنگێک لە چەشنی دەنگی تەپڵ، کە لە ئاکامی تەقینەوەی گولـلە تۆپێکەوە بەرزبووەوە؛ لە خەو رایچڵکاندم و دەقەیەک دواتر قرمەی دەسترێژێک و پاشان هێور بوونەوەی سەرلەنوێ دۆخەکە. دەمویست خۆم بەوەوە دڵخۆش بکەم، ئەو گەڕەکەی وا گولـلە تۆپەکان بەناویاندا دەدات؛ لەمکاتەدا چۆڵ بن و شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو هێزی چەکداری شەڕکەردا بە ئاکام بگات.  وێنەکانی شەڕی لوبنان و یوگۆسلاویا و چچن وەک گولـلەیەک بوو؛ کە بە تەپڵی سەرمەوە دەنرێت.
 لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەبێت کاتی دەسپێکی مانگی رەمەزان دیاری بکرێت کە لە سورییەدا یەکێک لە شادیهێنەرترین و گرنگترین کاتەکانە. کات بۆ بنەماڵەکان کە لە دەوریەکتر کۆببنەوە. کاتێک کە لەودا زیاتر لەوەی کە خۆپارێزی بکرێت لە خواردن، شتی زیاتر دەخورێت. خەڵکی سورییە بە زۆری موسوڵمانن، بەڵام موسوڵمانی مامناوەندی. رەمەزان مەزنترە لە جێژنێکی کولتووریی و تۆزێک گەچکەتر لە جێژنەکانی سەری ساڵ لە ئۆرۆپادایە.  هەتا دەسپێکی شۆرش کە مزگەوت بووە تەنیا شوێنێک کە دەکرا کۆمەڵانی خەڵکی تێدا کۆببنەوە؛ بۆ زۆرێک لە خەڵک مانگی رەمەزان تەنیا کاتێک بوو، کە لەودا سەردانی مزگەوتیان دەکرد. بەڕۆژووبوون، بەزۆریی خواردن و بەربانگکردنەوەی لە گەل خزم و دۆست و بنەماڵەدا لێدەکەوتەوە. بەدرێژایی شەو هەتا دەمەوبەیان و پارشێۆکردنەوە بەر لە هەڵهاتنی هەتاو. لەگەل تاریک و لێڵی بەیانیدا ئەبوو تابلە بە خۆی تەپڵەکەیەوە دەردەکەوێت و لەکاتژمێرەکانی سەرلەبەیانیدا دەستدەکات بە کوتانی تەپڵەکەی. ئەو کاتانەی هێشتا زۆرێک لە خەڵک نەڕۆشتوونەتە ناو نوێن و نەنووستوون.
 دیارە ئەمساڵ دەیهەوێت چەشنێکی دیکە بێت. و کەمترین نیشانەی خۆئامادەکردن بە خەڵکەوە دیار نییە. نرخی پێداویستییەکانی ژیان بەرزبووەتەوە. لە جیاتی ئەوە بە درێژایی رۆژ دەنگی تەقینەوە و دەرکردنی گولـلە تۆپەکان لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاروە  دێتە بەر گوێ. جگە لە چەند دووکانێکی کەلوپەلی پێداویستی ژیان نەبێ، گەڕەکە کۆنەکەی شار بە تەواوی چۆڵ کرابوو.   زۆر بە کەمی نیشانەی خۆئامادەکردن بە خەڵکەوە دیارە.  ژمارەیەک لە دووکاندارەکان ماوەوەێەک بوو شاریان بەجێ هێشتبوو. تەنیا هەندێ لە خەڵکی گەڕەک نەبێت کەس لە سەر شەقامەکەدا دیار نەبوو.  بەشە گەورەکەی شار هێور بوو: ئەشغال، کە رۆژانێکی زۆر بوو، کۆ نەکرابووەوە و بۆنی کردبوو؛ بە پەلە کۆکرایەوە. راسلان ئۆسامە و حەسەن کە منداڵی ئەو گەڕەکە بوون کە منی لێدەژیم؛ بە عارەبانە دەیانگواستەوە بۆ شوێنێکی دیکە. کاتێک شەو دادێ، دەتوانی گوێت لە پژواکی ئەو دەنگانە بێت کە بە داییم، لە دوورەوە دەتەقینەوە. وڵامدانەوەی ئەو تەقانە، لە نزیکەوە دەهاتنە بەرگوێ و تەنیا ماوەیەکی کورتی دەخایاند.
ئەو بڕە کاتەی کە لە حەوتووەکە مابووەوە تا رادەیەک ئارام بوو. کات بۆ کات دەتوانی گوێت لە دەنگی پێکدادان و تەقینەوەکان بێت. بەشە گەورەکەی شار، ماوەیەکی درێژە وادەردەکەوت کە ئارامە و دۆخی باشتر بووبێت. ئەم بارودۆخە هەتا کەی درێژەی دەبێت ئێمە نازانین. ژمارەیەکی بەرچاو لە سوورییەکان دڵگرانن و دەترسێن و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەیانهەوێت هەڵبێن. بەڵام چارەیەکی دیکەیان نییە، جگە لەوەی کە بمێنەوە. سەرەتا ئەمەوێت تا ئەو جێگایەی بۆم بکرێت بمێنمەوە. بیرکردنەوەم لەم کاتە ئاستەنگ و ترسێنەرەدا، وەک دڵەخورپەی یەکە یەکەی سووریەکانە، کە بەرەوڕوو ئەم دۆخە دژوارە بوونەتەوە و بەرەورووی رۆژرەشی دیکە دەبنەوە.  رەمەزان لە سەرەتای هێزوقووەتی خۆیدایە و خەڵک بڕیاری سەرەکی خۆی داوە، کە قایم راوەستێ و درێژەی بداتێ. بارودۆخەکە تاریک و لێڵە و کەس لە بیری جێژندا نییە. ئەو جێژنەی کە دەبێ ببێت. خەڵکێکی زۆر بەڕێوەن. ئەشغاڵێکی زۆر لەسەر یەک کەڵەکەی کردووە. دووکانەکان دیسان پڕبوونەتەوە لە شتومەکی خواردن. بەڵام خەڵک دەترسێن و هەمووان دەزانن کە کێشەکە تەوا نەبووە. زۆرێک هەڵدێن. بەڵام زۆربەیان دەپاڕێنەوە و دۆعا دەکەن، کە جەرێکی دیکە ئاشتەوانی بگەڕێتەوە بۆ ناو وڵاتەکەیان.
* الشارح المستقیم. (via recta)

یورهان وەرەفورد لە شاری شام . کاتی نووسین ٢٠١٢.٠٧.٢٧  پێداچوونەوە و ئامادە کردنی  ٢٠١٣.٠٧.٣١ . سەرچاوە: YourMiddleEast.com

هیچ نظری موجود نیست: